|
فۆتۆ وەك هەر هونەرێكی بینراویی
دیكە،لە ریێ هەستەوەرەكانمانەوە خۆشی دەبەخشی بۆ ناخی مرۆڤ ، زۆر جار
مرۆڤ حەز دەكات یاخود پێویستی بە هێمنییەك دەبێ، ئەم دۆخە ئاساییە ،
هەندێ جار پاڵماندەنێ بۆ گوێ گرتن لە پارچەیە میوزیكی هێدی ، بەڵام
جاری وا هەیە ئارەزوومان تێر نەكات، بۆیە گوێ لە خوێندنەوەی شیعر دەگرێ
یاخود خۆی هەڵدەستێ بە خویندنەوەی ، بەڵام ئەمەش دیسان زۆرجار
ئارەزووەكانمان پڕ ناكاتەوە بۆیە دەگەڕێین بە دوای تابلۆیەكی شێوەكاری
یاخود فۆتۆگرافیدا، بۆ ئەوەی ئەو پشووەی بە دوایدا دەگەڕێین بیدۆزینەوە
.
چاوی هونەرمەندی ئەم وێنە سروشتیانە، زۆر بە ناسكی خەیاڵی خۆی بۆ چاوت
دەگوێزێتەوە، ئەمەش دۆخێك لە بەردەوامیی هەستی بینەر بۆ دیمەنێك لەگەڵ
خودی هونەرمەند دروست دەكات ، وەك چۆن لەكاتی رۆمان خویندنەوەدا بێ
ئەوەی هەست بە زەمەن و دەوروبەر بكەین، هێور هێور دەخزێتە نێو
لاپەڕەكانی پاشان دێرەكانی و لەكۆتاییدا خۆمان لە نێو رۆمانەكەدا
دەدۆزینەوە، هەمان كاریگەری بەسەرمدا دێت كاتێك تەماشای تابلۆیەكی
شێوەكاری یاخود فۆتۆگرافی دەكەم . جوانیەكانی سروشتی كوردستان بێ
هاوتان، گواستنەوەی ئەو جوانیەش سانا نییە ، بەڵكو پێویستی بە چاوێكی
دوربین وخەیاڵپڵاو هەیە، بۆ ئەوەی كاریگەری راستەوخۆی هەبێت لە
وروژاندنی خەیاڵدان و هەستی بینەر، ئەم دیمەنە لەراستیدا خۆشییەك
دەبەخشێ بەچاوی مرۆڤ و لە گرتەی زەمەنێكی كورتەوە دەدبات بۆ قووڵایی
زەمەنێكی دیكە، رەنگە بەشێك بێت لە یادەكانی رابردوو، یاخود دەبێتە
بەشێك لە یادەوەرییە داهاتوییەكان . |